غالب محەمەد: وەزیری دارایی سكاڵای لەسەرم تۆماركردووە

17/11/2023
فۆتۆ: 

غالب محەمەد ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، کە "ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی سكاڵای لەسەرم تۆماركردووە و داوای (200) ملیۆن دینار دەکات، گوایە تەشهیرم پێكردووە". دەشڵێت، ئامادەم نەک بەزیندووی بەمردوویش لاشەم بەزیندانیکراوی بمێنێتەوە، بەڵام لەسەر بەرگریکردن لەخەڵک لانەدەم.

دەقی نووسینەکەی غالب محەمەد.....

خۆیان ژیانی موچەخۆرانی هەرێمیان تێكداوە ، كەچی دەڵێن بەندە ژیانی ئێمەی تێكداوە !!!

ئامادەم (٢٠٠)ساڵ بچمە زیندان واتە بەمردویش لاشەم لەزیندان بهێڵنەوە چونکە کاتەکەی زۆرە، بەڵام ئامادەنیم لە سەر بەرگریکردن لە حەق و مافی خەڵک لابدەم، کەسێک بەرپرسیارێتی نەبێت کەس ڕووی قسەی لێناکات.
جەنابی وەزیری دارای (ئاواتی شێخ جەناب) مووچە خۆر بە باڵندە و کەو و کۆتر تێگەیشتووە بدەن لەشەقەی باڵ و چینە بکەن تابرسیان نەبێت و شتێک کۆبکەنەوە، هاتووە سکاڵای لەسەر بەندە تۆمارکردوە داوای ( ٢٠٠،٠٠٠،٠٠٠) ملیون دینارم لێدەکات!، گوایە وەک خۆی ئەڵێت " تەشهیریپێمکردوە لە پۆلەتیک پرێس و زۆر کاریگەری هەبووە لەسەرم !!!"
بەڵام تەنها ئەم ساڵ بەنمونە وەربگرین مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی نەداوە ! وەک بڵێیت بەخۆڵ  دەژین!
بەژمارەکەی خۆیان بێت، ژیانی یەک ملیون و دووسەد هەزار مووچە خۆریان تێکداوە، بوونەتە هۆکاری تێک چوونی کۆمەڵگا و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، بەڵام خۆیان کورد واتەنی مێشێک میوانی نیان نیە و شاهانە دەژین ئیتر گرنگ نیە لایان مناڵی مووچە خۆرێک شیری دەوێت، کرێچییەک کرێی خانووی پێنادرێت، ئەوانە لایان ئاساییە، بەڵام ئەوە ئاسایی نیە لایان من بڵێم جەنابت لەو حکوومەتە وەزیری دارایت وا کۆمەڵگا داڕووخا ئەرک و بەرپرسیارتی تۆچیە کەکارەکەت بۆناکرێت چیدەکەیت لەوێ ؟
بۆیە ئامادەم نەک بەزیندووی بەمردوویش لاشەم بەزیندانیکراوی بمێنێتەوە، بەڵام لەسەر بەرگریکردن لەخەڵک لانەدەم.

غالب محمد  عەلی