مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و ئوتومبێل دەکرێت بە دینار

18/11/2023
فۆتۆ: 

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند، لە هەرێم مامەڵەی خانوو و ئۆتۆمبێل دەکرێت بە دینار، ئاماژەشی بەوەدا کە بڕیارەکە لەپێناو جێگیرکردنی بەهای دیناردایە.

ژیان 
نەوزاد غەفور جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی وتی: "لە هەرێم مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە و بەشێک لە کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل دەکرێت بە دینار".

وتیشی: "بڕیارەکە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەبێت".

ئەوشی خستەڕوو کە "بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە، لە بەشێکی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆشدا لە جیاتی دۆلار باجی گومرکی و مامەڵە کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بکرێت بە دینار".

لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی  ئاشکرایکرد کە "وابڕیارە لە داهاتوودا بەشێک لە کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل و کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان لەبری دۆلار مامەڵە بە دینارەوە بکەن" بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەو بڕیارە دەبێت سەرجەم مامەڵە داراییە ناوخۆییەکان بە دینار بێت لە جیاتی دۆلار" ئەم هەنگاوەش لە پێناو جێگیرکردنی بەهای دیناردایە.