وەزیری پەروەردە: سزای هیچ مامۆستایەکمان نەداوە

21/11/2023
فۆتۆ: 

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، پشتگیری داواکاری مامۆستایان دەکەین و بڕیاری سزادانی هیچ کەسێکمان نەداوە.

ژیان:
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، ئێمە داوای کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکانمان کردووە وەک ئەرکێکی دڵسۆزانە و لە مامۆستایانی سنووری سلێمانی رادەبینین بۆئەوەی زیانەکان قوڵتر نەبنەوە و خوێندکاران زەرەرمەند نەبن، بەڵام هیچ کەسێکمان سزانەداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، مامۆستایانی ئێمە زیانیان بەرکەوتووە و ئەوان شایەنی ژیانێکی باشترن، بۆیە پشتگیری داواکارییەکانیانین و کار بۆ دابینکردنی شایستەکانیان دەکەین، هەرکات شایستە داراییەکانی هەرێم بگات، شایستە داراییەکانی مامۆستایانیش دابەشدەکرێت.

سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژیش وتی، ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستا نەهاتایە پێش ئەوا دەمێک بوو داواکارییەکانیان جێبەجێکرابوو، لە ئێستاشدا هەرکات بودجە جێبەجێکرا ئەوا داواکارییەکانی ئەوانیش جێبەجێدەبێت.

هاوکات ئالان حەمەسەعید دڵنیاییدا بە خوێندکارانی قۆناغی ١٢ کە مافیان نافەوتێت و قەرەبوویان بۆ دەکرێتەوە.