سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ برایەكی شاسوار عەبدلواحید دەرچوو

24/11/2023
فۆتۆ: 

دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی به‌غدا – ره‌سافه‌، سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ نزار عه‌بدولواحیدی برای شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ركرد.

دادگای تێهەڵچونەوەی بەغدا لە ناوچەی رەسافە، رۆژی 19-11-2023، لە دانیشتنێكدا سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ نزار عەبدلواحید قادر برای شاسوار عەبدلواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سروە عەبدولواحیدی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا دەركرد.

سزاكەی بریتییە لە دوو سزای یەك بەدوای یەك، هەریەكەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە تاوانی تەزویر كردن و بەكارهێنانی چەكی بانكی بێ رەسید و بەپێی بڕگەی یەكی ماددەی 459 سزاكەی بەسەردا سەپێندراوە.

سزادانی نزار عەبدولواحید لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەكە كە بەشداریان لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە بەغدا كردووە و پارەیەكی زۆریان لێ وەرگیراوە، دواتر پڕۆژەكە فرۆشراوەتەوە و لەبری یەكەی نیشتەجێبوون چەكی بانكی بێ رەسیدیان پێ دراوە.

نزار عەبدلواحید چوار فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و لەبەغدا هەڵهاتووە، هەربۆیە بەغیابی سزای زیندانی بۆ دەرچووە.