وەزارەتی تەندروستی: دەرمانخانەیەکمان بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەی دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان داخست

26/11/2023
فۆتۆ: 

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بە تاوانی فێڵکردن و گران فرۆشتنی دەرمان و لێکردنەوەی نرخ و ستیکەری فەرمی کوالیتی کۆنترۆڵ لەسەر دەرمانەکان، دەرمانخانەیەکی لە شاری هەولێر داخستووە.

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سزای توند دەگرێتەبەر بەرامبەر تاوانێکی گەورەی دەرمانخانەیەک، "بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەی دژ بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان کە دەرکەوت دەرمانخانەی CVS Pharmacy نرخ و ستیکەری فەرمی کوالیتی کۆنترۆڵی لەسەر دەرمانەکان لابردووە بۆ ئەوەی بەنرخێکی گرانتر دەرمان بە هاووڵاتییان بفرۆشێت و بەم رێگەیە تاوانی فێڵکردن و گران فرۆشتنی ئەنجامداوە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە 26ـی 11ـی 2023، لیژنەی باڵای چاودێری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەل لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و پۆلیسی شارەوانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر، پشکنینی بۆ ئەو دەرمانخانەیە ئەنجامداوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستبەجێ بڕیاردرا بە داخستنی دەرمانخانە و راگرتنی مۆڵەتی دەرمانخانە و راگرتنی مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەی دەرمانسازی و هەواڵەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگا بۆ وەرگرتنی رێککاری یاسایی".

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی باسی له‌وه‌شكردوه‌، ده‌بێت سه‌رجه‌م ده‌رمانخانه‌ و سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان خۆیان دوربگرن له‌ ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بێ ستیكه‌ر و نافه‌رمی و هاوڵاتیانیش ئاگادارده‌كاته‌وه‌، هۆشیار بن له‌كاتی كڕینی ده‌رمان به‌نرخی فه‌رمی سه‌ر ستیكه‌ر و دڵنیابونه‌وه‌ له‌ هه‌بونی ستیكه‌ری ئه‌لیكتڕۆنی.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی  هه‌رێم داواشیكردوه‌، له‌كاتی هه‌ستكردن له‌ نه‌بونی ستیكه‌ر یان نرخی گرانتر له‌ نرخی فه‌رمی، ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندی به‌ هێڵه‌ گه‌رمه‌كانی چاودێری ده‌رمان بكه‌ن به‌م ژماره‌یه‌وه‌، ژماره‌ی مۆبایلی ڕاسته‌وخۆ و وه‌تسئه‌پ و ڤایبه‌ر: 07502356000