بریکاری وەزیری نەوتی عێراق: بەرمیلێک نەوت بە 50 هەزار دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان

27/11/2023
فۆتۆ: 

بریکاری وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەرمیلێك نەوت بە نرخی 50 هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتیانی هەرێم.

د.عیزەت سابیر، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە سێ هەفتەی رابردوودا داوامان لە وەزیری نەوت کردووە کە ناکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 30 هەزار دینار بێت و لە هەرێمی کوردستان بە 100 هەزار بێت.

وتیشی، وەزیری نەوت داواکەی پەسەند کردووە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئابووریدا بڕیاری لێدراوە و پەسەندکراوە و لە دوو رۆژی داهاتووشدا سەرۆک وەزیرانی عێراقیش واژۆی دەکات و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یەک بەرمیل بە 50 هەزار دینار دابەش دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، هەوڵ دەدەین بەهەمان جۆر بەنزین و گازیش نرخەکەی دابەزێت، عێراق یەک عێراقە و ناکرێت نرخی یەک لیتر بەنزین لەناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق 450 دینار بێت و لە هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی لە سەرووی 850 دینارەوە بێت.