دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی رەتکردەوە کە لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمارکرابوو

28/11/2023
فۆتۆ: 

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی رەتکردەوە، کە داوایکردبوو حکومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ژیان:
دادگای فیدڕاڵی عێراق لەدانیشتنی ئەمڕۆیدا سەبارەت بە سکاڵای مەحمود حسێن رەزا عگێلی ئەمینداری گشتی پارتی ئومەی عێراقی بڕیاریدا بەڕەتکردنەوەی سکاڵاکە و ھۆکارەکەشی بۆئەوە گەڕاندەوە، سکاڵاکار هیچ بەرژەوەندیەکی لەتۆمارکردنی ئەو سکاڵایەدا نیە.

مەحمود حسێن رەزا عگێلی داواشیکردبوو، داوا لە حکومەتی فیدراڵی بکرێت پابەند بێت بە وادەی پێدانی موچە لەسەر وادەی دیاریکراوی خۆیدا، هەروەک باقی فەرمانبەرانی دەستە و دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگاکانی عێراق.

سکاڵاکە ژمارەی ٢٢٧ـی فیدراڵیی ٢٠٢٣ـی هەبوو، لە رۆژی ٢٩-١٠-٢٠٢٣ـوە بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو. لە سکاڵاکەدا سکاڵاکار داوایکردبوو دادگەی باڵای فیدراڵی، حکومەتی عێراق پابەند بکات بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ هاتووە و پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.