داوا دەکرێت پارتەکەی حەلبووسی هەڵبوەشێندرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی حزبەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوایەکی بەرزکردەوە بۆ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لەسەرکارلادراوی پەرلەمانی عێراق سەرکردایەتی دەکات.
ژیان:
د.هێمان تەحسین بەڕێوەبەری کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوەکرد، هەریەکە لە پەرلەمانتار باسم خەشان و حەیدەر مولە و عەبدولستار عادل و سوهەیب ئیسماعیل و مستەفا مووەفەق، داواکارییەکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەش کردووە.
بەپێی نوسراوەکەی بەڕێوەبەری کاروباری پارتەکان، پارتەکەی حەلبوسی تۆمەتبارکراوە بە بوونی پەیوەندیی لەگەڵ کۆمپانیای (بی جی ئاڕ)ی ئەمریکی و ناردنی پارە بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پارتەکان.
هێمن تەحسین لەبارەی داواکارییەکەیەوە رایگەیاند،" لە بەشەکەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دۆسییەی ناردنی پارە لەلایەن پارتی (تەقەدووم) کە حەلبووسی سەرکردایەتی دەکات، بۆ پارتێکی دەرەکی".
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری سیاسی و رێکخراوەکان ئەوەشی راگەیاندووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوکانی لیژنەکەیان رادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت و ئەوان رادەسپێرن بە بڕیاردان لەژێر رۆشنایی یاسای ژمارە ٣٦ـی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی ساڵی ٢٠١٥.
ئەو داواکارییە لەکاتێکدایە لە ١٤ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران ئەندامێتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنەکەی کۆتایی پێهێنا لەسەر ئەو بڕیارەی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە سەربارەت بە دوورخستنەوەی دەرچوو.
|