داهاتی مانگی رابردوی نەوتی عێراق زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بوە

01/12/2023
فۆتۆ: 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەم زیاتر لە 102.9 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە، داهاتی فرۆشی ئەو نەوتەش 8.51 ملیار دۆلار بوە، نرخی هەر بەرمیلە نەوتێکیش 82.66 دۆلار بوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ئاماری سەرەتایی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سومۆ" بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو 102 ملیۆن و 975 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە ، داهاتی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتەش 8 ملیار و 512 ملیۆن دۆلاربوە، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای سومۆ لە کێلگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق 101 ملیۆن و 764 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.

دەشڵێت، رێژەی نەوتی هەناردەکراوی  ئوردن 172 هەزار و 383 بەرمیل نەوت بوە، رێژەی ئەو نەوتەی لە کێلگەکانی گەیارەوە هەناردەکراوە یەک ملیۆن و 38 هەزار بەرمیل بووە.

باس لەوەشکراوە، رێژەی هەناردەی نەوتی رۆژانە سێ ملیۆن و 433 هەزار بوە، نرخی هەر بەرمیلە نەوتێکیش 82.66 دۆلار بوە.