لەم ساڵدا ٧٢ حاڵەتی ئایدز لە هەرێم تۆمار کراوە
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەرێمی کوردستان ٧٢ حاڵەتی ئایدز تۆمار کراوەن کە بەشی هەرەزۆریان هاوڵاتی بیانین.
ژیان:
لەراگەیەندراوێکدا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، " لە ساڵی ٢٠٢٣دا تەنها ٧٢ حاڵەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی بیانی و هاوڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە، تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی ڕابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت."
دەشڵێت،" لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن دا ئەمساڵ ٢٠٢٣ لەماوەی ١٠ مانگی ڕابردوو، نزیکەی ٥٩٨ هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیاریەکان و ڕاگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازیەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا".
|