نەرمین مەعروف: بڕیاری دورخستنەوەی مەسعود حەیدەر جێبەجێکردنی ماددەیەکە لەیاسای بودجە

02/12/2023
فۆتۆ: 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دوور خستنەوەی مەسعود حەیدەر لە بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، "جێبەجێکردنی ماددەیەکە لە یاسای بودجە و پێناچێت هیچ ھۆکارێکی تر هەبێت".

ژیان:

بە بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتەکان لە مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی لە پشکی پارتی وەرگیرایەوە. تۆمەتباریش کراوە بەوەی "بابەتی مووچە و بودجەی بە سیاسی کردووە".

لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەوە، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "پێموانییە هیچ ھۆکاریک هەبێت جگە لەوەی ئەو بەوەکالەت لەو پۆستەدا بو."

وتیشی،"بڕیارەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە و بەپێی مادەی ٧١ی یاسای بودجە پێویستە هەموو پۆستە باڵاکان کە بە وەکالەت ئەبران بەڕێوە تا کۆتا ڕۆژی مانگی یازدە کۆتاییان پێبێت."

هاوکات، مەسعود حەیدەر، سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە،"پرسیار لە وەزیری دارایی بکەن سەبارەت بە بڕیارەکە".

مەسعود حەیدەر لە ١٢-١-٢٠٢٣ لە وەزارەتی دارایی وەکوو بریکاری وەزارەت دەستبەکار بوو.