مەسعود حەیدەر لەسەر لێسەندنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکانی هاتەدەنگ
مەسعود حەیدەر بریکارەی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند بە پێی ماددەی ٧١ ی یاسای بودجەی فیدراڵی دەسەڵاتەکانی لێوەرگیراوەتەوە و بەتەنها ئەو نییە کە ئەو کارەی بەرامبەر کراوە.
ژیان:
لە ڕاگەیەنراوێکدا مەسعود حەیدەر دەڵێت "بە پێی ماددەی ٧١ ی یاسای بودجەی فیدراڵی، هەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین هەزار پلە تایبەتە، لەبەرواری ١ /١٢ / ٢٠٢٣ ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و سلاحیاتی ئەو پۆستانە بەکاربێنن".
دەشڵێت "ئێمەش پابەندی یاساین و کێشەیەکی گشتی یاسایی دەوڵەتەو پێویستی بە چارەسەر هەیە بەهەماهەنگی نێوان حکومەت و پەرلەمان".
لە نوسراوێکی فەرمیدا کە واژووی تەیف سامی، وەزیری دارایی لەسەرە و بە ژمارە (٧٠٨٦) لە ٣٠ی تشرینی دووەم دەرچووە، وەزیری ناوبراو بڕیاریداوە بە لێسەندنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی دراوە بە مەسعود حەیدەر وەک بریکاری وەزارەتی دارایی.
مەسعود حەیدەر لە پشکی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراقی پێدراوە، بەگوێرەی نووسراوەکەش سەرجەم دەسەڵاتەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ خودی تەیف سامی، تا ئەو کاتەی بڕیار لەسەر ئەرک و کارەکانی بریکاری وەزارەت دەدرێت.
|