ئاسایشی سلێمانی لەبارەی شەڕەتەقەکەی شەوی رابردوو رونکردنەوە دەدات

07/12/2023
فۆتۆ: 

ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکرد کە شەڕەتەقەکەی شەوی رابردووی سلێمانی تەقەکردن لەدرۆن نەبووە بەڵکو لەنێوان دوو کەسدا بووە.

ژیان:
سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەو دەنگی تەقەکردنەی شەوی رابردوو لە نزیک زانکۆی سلێمانی بیستراوە، لەنێوان دوو کەسدا لەسەر کێشەی پارە شەڕ دروستبووە و لە رووداوەکەدا هیچ گیانلەدەستدان و بریندارێک نییەو یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش دەستگیرکراوە.

دەشڵێت، کە دەگوترێ تەقە لە درۆن کراوە راست نییە، بەڵکو لە ‏نێوان دوو کەس شەڕ روویداوە تەقەکانیش هەر بەو ھۆیەوە بووە.‏

ئەوەش دوای ئەوە دێت، درەنگانی شەوی رابردوو دەنگی تەقەیەکی زۆر لە نزیک کەمپی تازەی زانکۆی سلێمانی بیسترا و بووە ھۆی درووستبوونی دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییانی شاری سلێمانی.