ئەندامێکی لیژنەی دارایی پێشبینی دابەزینی نرخی دۆلار لە چەند رۆژی داهاتوو دەکات

02/01/2024
فۆتۆ: 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشبینی دابەزینی نرخی دۆلاری لە بازاڕی رەش لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا دەکات، ئەوەش بەھۆی ئەو رێکارانەی بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار گیراوەتە بەر.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات: لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێ و ڕێکار و بڕیارەکانی حکومەت، نرخی دۆلار لە بازاڕی رەش بەردەوام دەبێت لە دابەزین، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەستبوونی زۆری پارەی نەختینەیی دۆلار.

دەشڵێت: پێشبینی دەکەین رۆژەکانی سەرەتای مانگی یەکەمی ئەمساڵ رێژەیەکی زۆری دۆلار بێتە بازاڕەوە، ئەوەش بەهۆی نەمانی خواست لەسەری، کە ئەمە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەکەو نزیکبوونەوەی لە نرخی فەرمی،  کە حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق کاری لەسەر دەکەن، ڕێوشوێنەکانیش لە قۆناغی داهاتوودا بەهێزتر دەکەن.

ساڵی رابردوو بانکی ناوەندی چەند بریارێکی لەبارەی دۆلار دەرکرد و لەمرۆشەوە رێکارەکان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی قەدەغەکردنی مامەڵە ناوخۆییەکان بە دۆلار.