په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رۆژی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی راگه‌یاند

07/01/2024
فۆتۆ: 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، رۆژی سێشه‌ممه‌ 9ی ئه‌م مانگه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن دیاریده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، خوێندكاران چاوه‌ڕوانی دڵسۆزی مامۆستایانن بۆئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ خوێندنیان نه‌فه‌وتێت.

به‌گوێره‌ی نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مە به‌ واژۆی دلشاد عومه‌ر محه‌مه‌د كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌رچووه‌ و تێیدا هاتووه‌ "دوای وه‌رگرتنی یاداشتی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رتاسه‌ری فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی ناڕازی له‌ ڕێكه‌وتی 23/12/2023 بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی وه‌ز‌اره‌تمان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی بۆ به‌شێك له‌ داوا ره‌واكانی مامۆستایان به‌ نووسراوی ژماره‌ 1 له‌ 7/1/2024، وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ و پشتگیریمان بۆ سه‌رجه‌م داوا ڕه‌واكانی مامۆستایان كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ دوور له‌ هه‌موو توندوتیژییه‌ك زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا".

هه‌روه‌ها هاتووه‌ "سوپاسی له‌ خۆبردوویی مامۆستایان ده‌كه‌ین، داواكارین له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ پڕۆسه‌ی خوێندن رۆژی سێشه‌مە رێكه‌وتی 9/1/2024 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوتابیان چاوه‌ڕوانی دڵسۆزیتانن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵی خوێندن نه‌فه‌وتێت".