ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی‌ دارایی: بانكی ناوه‌ندی كۆتایی به‌ كاركردن به‌ سه‌كۆی ئه‌لیکترۆنی حه‌واڵه‌كردنی دۆلار دێنێت

18/01/2024
فۆتۆ: 

ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی و ئابووری‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایگه‌یاند, بانکی ناوەندی تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی دێنێت بە کارکردن بە سەکۆی ئەلەکترۆنی حەواڵەکردنی دۆلار کە لە ساڵی پارەوە کەوتۆتەکار.

د.نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی و ئابووری‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ڕایگەیاند، "به‌پێی نووسراوێكی بانكی ناوه‌ندی عێراق كه‌ به‌رواری ئه‌مڕۆ 2024/1/18ی له‌سه‌ره‌ و ئاراسته‌ی بانكه‌ موڵه‌تپێدراوه‌كانی كردووه‌، بانكی ناوه‌ندی تا كۆتایی ئه‌مساڵی 2024 كۆتایی دێنێت به‌ كاركردن به‌ سه‌كۆی ئه‌له‌كترۆنی حه‌واڵه‌كردنی دۆلار كه‌ له‌ ساڵی پاره‌وه‌ كه‌وتۆته‌كار".

ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم هەنگاوە لەپێناو پێشخستنی کەرتی بانکی و هاندانی بانکەکانە بۆ دروستکردنی پەیوەندی دارایی و بانکیی پتەو لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییە جیهانییەکاندا، لەم پێناوەشدا پێویستە بانکە عێراقییەکان چەند رێکارێکی دارایی و کارگێڕی بگرنەبەر تا بتوانن راستەوخۆ پەیوەندی ببەستن لەگەڵ بانکە پەیامنێرەکان لە دەرەوەی ولات و کاری سەکۆ ئەلەکترۆنییەکەش لە ساڵانی داهاتوو تەنها دەبێتە چاودێری و وردبینیکردنی پرۆسەکە..

د.نه‌رمین مه‌عروف راشیگه‌یاند، "به‌گشتی گه‌ر ئه‌م رێكارانه‌ سه‌ركه‌وتووبێت ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كی باشی ده‌بێت له‌پێشخستنی كه‌رتی بانكی عێراق و باشتركردنی ته‌رازووی بازرگانی و جێگیركردنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار و دراوه‌ بیانییه‌كانی تر"