ژووری بازرگانی تاران بۆ هەولێر: بایکۆتی کاڵای ئێرانی مەکەن

22/01/2024
فۆتۆ: 

ژووری بازرگانی تاران داواكارییه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ ژووری بازرگانی هه‌ولێر كرد و رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ داواكاریی هه‌ڵپه‌ساردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

ژووری بازرگانیی تاران لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی داواکاری بۆ بایکۆتکردنی کەلوپەلی ئێرانی لەلایەن ژووری بازرگانیی و پیشەسازی هەولێرەوە بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، راگەیەندراوی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر لەبارەی بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی  جێگەی داخە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان له‌ئه‌م ساڵی هه‌تاویدا نزیكه‌ی سێ ملیار دۆلار بووه‌، نابێت هه‌نگاوێك بنێن زیان به‌ په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندیی ئابووریی نێوان دوو لایه‌ن بگه‌یه‌نێت".

ژووری بازرگانیی تاران ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ هه‌وراز و نشێوی جیهانی سیاسه‌ت، ئیراده‌ی دوو لایه‌ن بۆ به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندیی ئابووری له‌مێژینه‌یان تاقی ده‌كاته‌وه‌ و داوا له‌ ژووره‌ بازرگانییه‌كانی عێراق، به‌تایبه‌ت پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، گوێ به‌ هه‌وراز و نشێوه‌ كاتییه‌كان نه‌ده‌ن و هاورده‌كردن و به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌لی ئێرانی بایكۆت نه‌كه‌ن.