دوو برای تۆمەتباری شەهیدکردنی پۆلیس ڕزگار ئەحمەد دەستگیرکران

25/01/2024
فۆتۆ: 

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوو تۆمەتباریان دەستگیر کردوە کە برای ئەو تۆمەتبارەن ڕزگار ئەحمەدی شەهید کرد.

لەراگەیەندراوێکدا بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٦ی١ی ٢٠٢٤ ، هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە بەچەک چوونەتە سەری و بەزۆر سواری ئۆتۆمبێلیان کردووەو هەڕەشەیان لێکردووە، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانیان دەستپێکرد و بەڕێز دادوەر بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی ٤٠٥-٣١ لەیاسای سزادانی عیراقی، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوام بوو بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران.

دەشڵێت: سەرەنجام توانرا لەڕۆی ٢٤ی١ی ٢٠٢٤ هەریەکە لە تۆمەتباران ( ک ،ێ  و ڕ،ێ ) لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیربکرێن .

پۆلیسی سلێمانی ئاماژی بەوەشکردووە: لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت هەردوو تۆمەتبار برای تۆمەتباری شەهیدکردنی (ڕێپێدراوی پۆلیس ڕزگار ئەحمەد )ن، و تۆمەتبار (ک ،ێ ) پێشینەی تاوانی هەیەو پێشتر بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو لەلایەن دادگاوە سزادراوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو: لەئێستادا تۆمەتباران بەندن و لەلایەن بنکەی پۆلیسی ڕزگارییەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.