فەڕەنسا کەلوپەلی پزیشکی دەگەیەنێتە هەرێمی کوردستان
هەولێر
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رۆژانی داهاتوودا کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی دگەیەنێتە هەرێمی کوردستان.
دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ژان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش کە لە ئێستادا هەرێم و جیهان روبەڕووی قەیرانی نەخۆشی کۆرۆنا بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساتە هەرە سەختەکاندا، حکومەتی فەڕەنسا هاوکاری و هاوسۆزی بۆ هەرێمی کوردستان نیشانداوە و لە رۆژانی داهاتووشدا کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی دەگەیەننە هەرێم، هەروەک هاوکاریش بۆ نەخۆشخانەی هەڵەبجە دەنێرن.
لای خۆشیوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەولێر دەربڕی و رایگەیاند، فەڕەنسا هەمیشە پشتگیری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
راشیگەیاند، حکومەت و گەلی کوردستان هەرگیز پشتیوانییەکانی فەڕەنسا لەبیر ناکەن.
بەمەبەستی گفتۆگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، سەبارەت بە
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس و دۆخی عێراق و ناوچەکە، شەوی رابردوو ژان ئیڤ
لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە بەغداوە گەیشتە هەولێر.
دیدارەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان یەک
رۆژ دەخایەنێت و هەر ئەمڕۆ لۆدریان دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
|