سەبارەت بە نرخی دەرمانە روسیەکە روونکردنەوە دەدرێت

17/07/2020
كۆمپانیای ئاوا مێدیكا سەبارەت بە نرخی Fabivir روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

كۆمپانیای ئاوا مێدیكا لەبارەی ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەری كۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتوو، كۆمپانیای ئاوامێدیكا یەكەمین كارگەی درووستكردنی دەرمانە لە مێژووی كوردستاندا و لە ڕیزی كارگە ئەوروپییەكانیش دادەنرێت لە وەزارەتی تەندرووستی عێراق, كە بە پێشكەوتووترین و سەردەمیانەترین ئامێر و ستافی پرۆفیشناڵ كاردەكەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەستنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای Glenmark وە پێدانی ئەو متمانە گەورەیە بە كۆمپانیای ئاوامێدیكا بۆ درووستكردنی (Favipiravir)  لەناو عێراق و وڵاتانی ناوچەكەش گەواهی ئاست بەرزی و كوالیتی بەرزی ئاوامێدیكامان پێدەڵێن .

ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆمپانیای ئاوامێدیكا ڕەچاوی سەرجەم ڕێكارە زانستی و یاسایی یەكانی كردووە لە دروستكردن و دابەشكردنی دەرمانی Fabivir .

كۆمپانیای ئاوا مێدیكا راشیگەیاندووە، نرخی Fabivirبە كەمتر لە 70% ـــی نرخی ئەو گرێبەستەی كە وەزارەتی تەندرووستی عێراق كردبووی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ڕووسی خەمڵاندووە و نرخەكەش 165 دۆلارە بۆ هەرپاكەتێكی 40 دەنكە حەپی .

دەشڵێت، نرخی فرۆشتن بە وەزارەتی تەندرووستی عێراق و هەرێمی كوردستان هەمان نرخە .

دووپاتیشیکردووەتەوە، فابیڤیر لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و بەدیاری كراویش ( ڕووسیا و هیندستان و یابان و ئیمارات و قەتەر و سعودیە) بەكاردێت بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنای نوێ بە پشتبەستن بە چەند لێكۆڵینەوەی كلینیكی ئەرێنی لەو وڵاتانە .

هەر لە روونکردنەوەکەی كۆمپانیای ئاوا مێدیكادا هاتووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پاڵپشت و هاندەری سەرەكی بوو لە دروستكردنی فابیڤیر لە ناوخۆی عێراق، هەر ئەوانیش هاریكاربوون ئامۆژگاری كاربوون لە داڕشتنی پرۆتۆكۆڵی چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنای نوێ و دانانی فابیڤیر لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆڵەكە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، فاڤیپراڤیر لەناو پرۆتۆكۆڵی وەزارەتی تەندروستی دانی پێدانراوە و لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆڕ بەكاردێت .

کۆمپانیاکە دەشڵێت، لەكاتە سەختەكاندا بە ئەركی خۆیان زانیوە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی بکەن، هەر لە شەڕی دژ بە داعش و هەتا سەردەمی كۆرۆنا هەمیشە پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستی بووە و هاوكارییەكانی خۆی گەیاندووە، لە داهاتووشدا لەسەر هەمان ڕێچكە بەردەوام دەبێت و هاوبەشێكی سەرەكی پێشخستنی كەرتی تەندروستی دەبێت لە كوردستان و عێراق .

ئەم رووندکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، کە د. گۆران عەبدوڵڵا پزیشک و دکتۆرا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تەندروستی لە نامەیەکی کراوەدا بۆ سەرۆکایەتی دواکاری گشتی هەرێم رایگەیاند، بازرگانییەکی مەترسیدار بە دەرمانی فاڤیپراڤیرەوە دەکرێت و ئەو درەمانە کە بە بڕی ٢٠٠ دۆلار بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، نرخەکەی لە هندستان تەنها بە یەک دۆلارە.