ئه‌مه‌ریكا سزای به‌سه‌ر بانكێكی عێراقی و خاوه‌نه‌كه‌یدا سه‌پاند

29/01/2024
فۆتۆ: 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر بانکی هودای عێراقیدا سەپاندوە چونکە هاوکاری دارایی لایەنێکی تیرۆرستییان کردوە و هەستاون بە بەکارهێنانی ئەو پارانەی بۆ پڕۆژەکانی عێراق دابینکراوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بانكی هودا و خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ناوی حه‌مه‌د ئه‌لمووسه‌وی خرانه‌ نێو لیستی سزادراوانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا‌‌.

راشیگه‌یاند، بانكی هودا و خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا كاری خراپی ساخته‌كاری و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌یان بۆ ئێران هه‌روه‌ها گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ پشتیوانیكردن‌ له‌ تیرۆر ئه‌نجامداوه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو، فه‌رمانگه‌ی كۆنتڕۆڵكردنی سه‌روه‌ت و سامانی بیانی (OFAC) سزای به‌سه‌ر كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی فلای به‌غدا و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی سه‌پاند، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە پاڵپشتیکردنی ئێران و گروپەکانی هاوکاری ئێران لە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئێران و لوبنان.