کارمەندانی تەندروستی: توانا بەرگەگرتنی ئەم قەیرانە قورسەمان نامێنێت

30/01/2024
فۆتۆ: 

سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لقی سلێمانی رایگەیاند، حکومەتی هەرێم رۆڵی پێزانینی نییە بۆ کارمەندانی تەندروستی، تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتو بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی نەخۆشەکان، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە بەرگەی ئەو قەیرانە ناگرن و سێکتەری تەندروستی بەجێدەهێڵن و هەمو حاڵەتێکی نەخوازراویش دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لقی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردەوە، ئاشکرایە قەیرانی دارایی بە گشتی تەنگی بە هەموان هەڵچنیەوە و بە ئەستەم دەتوانرێت بەردەوام ببدرێت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، دواکەوتنی موچە و پێنەدانی سێ مانگی دیکە لە موچەی ساڵی 2023 هێندەی تر ژیان و گوزەرانی کارمەندانی تەندروستی قورستر کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستخۆشی لە کارمەندانی تەندروستی دەکەن کە تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە خزمەتی نەخۆشەکان و هاوڵاتیانی هەژار و بەش مەینەیتی شاری سلێمانی وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی و ئاینی و پیشەیی.

باس لەوەشکراوە، لە کاتێکدا زۆربەی نەخۆشخانە و سەنتەر و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان چەند شار و شارۆچکەیەکی دەوروبەر بایکۆتیان کردوە و نەخۆشەکانیان رو لە شاری سلێمانی دەکەن، هێندەی تر ئەرکی سەر شانی کارمەندانی تەندروستی سلێمانی قورستر بوە، زیاتر لە 40 رۆژە زۆربەی پزیشکەکان دەوامیان جێهێشتوە.

لە راگەیەنراوی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی باس لەوەشکراوە، هێشتا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی هیچ پێزانینێکیان نییە بۆ رڵی گرنگی کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران و چینی و توێژەکانی دیکە، لە کۆتا هەوڵیاندا لە پەیکەری بەرێوەبەردنی وەزارەتی تەندروستی و بەرێوەبەرایەتییە تەندروستییەکاندا کارمەندانی تەندروستییان سڕیوەتەوە و دەیانەوێت هێندەی تر سەنگ و پێگەیان لاوازتر بکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەردەوام دەبن لە خزمەتی نەخۆش و هاوڵاتیانی هەژار و فەرمانبەرانی بێ موچە و کاسبکارانی بێ کەسابەت تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتو، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە توانای بەرگەگرتنیان نامێنێت و ناچار دەبن سێکتەری تەندروستی بەجێبهێڵن.