نەبیل مەرسومی: ئەمریکا جگە لە دۆلار ڕێگە نادات نەوت بە دراوێکی دیکە بفرۆشرێت
شارەزایەکی ئابووریی ڕایدەگەیەنێت: هەر دەوڵەتێكی هاوپەیمان و نزیکی ئەمریکا بیەوێت نەوت بە دۆلار نەفرۆشێت، چارەنووسی باش نابێت، چونکە ئەمریکا ڕێگە نادات بە دراوێکی دیکە نەوت بفرۆشرێت و ببێتە هۆی لەرزینی هێزی دۆلار.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی لە نوسینێکدا دەڵێت "ساڵی 1973 شا فەیسەڵ، پادشای سعودییە بڕیاریدا لەبەرامبەر پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، نەوت بە دۆلار بفرۆشێت، هاوکات ساڵی 1975 وڵاتانی ئۆپیک بڕیاریاندا دۆلار بکەنە دراوی سەرەکی بۆ فرۆشتنی نەوت".
بەوتەی مەرسومی "ساڵی 2000 عێراق بڕیاریدا نەوتەکەی بە یۆرۆ بفرۆشێت لەجیاتی دۆلار، ئەوەش وایکرد ببێتە یەکێك لە هۆکارە شاراوەکان بۆ لێدان لە ڕژێمی سەدام حسێن، هاوکات ساڵی 2011 موعەمەر قەزافی، سەرۆکی لیبیا هەوڵیدا دراوی زێڕین لە ئەفریقا دروستبکات بۆ جێگرەوەی دۆلار لە فرۆشتنی نەوت، بەڵام دواتر و لەهەمان ساڵدا ڕژێمەکەی لیبیا ڕوخێندرا".
ئەو شارەزایە بۆچوونی وایە ئەمریکا ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار نادات، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی و لەرزینی هێزی دۆلار، ئەمریکاش ئامادەیە هێزی سەربازیی بۆ پارێزگاریکردن لە دۆلار بجوڵێنێت.
لەماوەی ڕابردوودا عێراق خواستی خۆی نیشاندا بۆ هەمەجۆرکردنی یەدەگی دراوەکەی و بەتەنیا پشت بە دۆلار نەبەستێت، یەدەگی دراوی عێراقیش زۆرینەی بە فرۆشتنی نەوت بەدەست دێت.
|