پارێزگای ئەهوازی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزیی فراوانی بەخۆیەوە بینی
   
                            
                             
                            
                                
                                     سەدان هاوڵاتی بە شارەكانی كەنكان و مەعشوری هەرێمی ئەهواز ڕژاونەتە سەر شەقامەكان 
                                 
                                
                                     فۆتۆ:  
                                
                             
                            
                            
                            
                            
                            
                             
                                جارێكی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە شارەكانی ئێران سەریانهەڵدایە و ئەمڕۆش لە چەند شارێكی هەرێمی ئەهوازی باشوری ئێران خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دەستی پێكردەوە .
                                
  
                               
                                 بە گوێرەی ئەو تۆمارە فیدیۆییانەی كە  چالاكانی ئێرانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردووەتەوە، بە سەدان هاوڵاتی بە شارەكانی كەنكان و مەعشوری هەرێمی ئەهواز ڕژاونەتە سەر شەقامەكان و هوتاف دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەڵێنەوە  . 
دەسەڵاتدارانی ئێران دانیان ناوە بە دروستبوونی خۆشپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و لەو بارەیەوە پۆلیسی ئێران ڕایگەیاندووە، بەهێز بڵاوەی بە خۆپیشاندەران كردووە لە ناوچەكانی باشوری خۆرئاوای وڵات، كە بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە بەرپایان كردووە و چەندین دروشمی پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساكانی وڵاتیان دووپاتكردووەتەوە  . 
چالاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكەن، خۆپیشاندەرانی شاری مەعشور ڕێگا سەرەكییەكانیان داخستووە و لە شاری كەنكانیش خۆپیشاندەران هوتاف لە دژی سیاسەتە شكستخواردووەكانی ئێران دەڵێنەوە و داوای دەستلەكار كێشانەوەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە دەكەن  . 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند شایەتحاڵێكەوە بڵاویكردەوە، ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر لە شاری بەهبەهای پارێزگای حوزستانی باشوری ئێران دەستگیر كراون  . 
بە گوێرەی ئەو تۆمار فیدیۆییانە بە سەدان هاوڵاتی ئێرانی دروشم دژی دەسەڵاتدارانی ئێران دووپات دەكەنەوە و دەڵێن "ناب ۆ غەزەو  ناب ۆ لوبنان، رۆحمان گیانبەختی ئێران" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو كۆمەكە داراییانەی ئێران كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕەوانەی دەكات بۆ میلیشا چەكدارەكانی لوبنان و هاوڵاتیانی خۆی لێ بێبەری دەكات  . 
هێزە ئەمنییەكانی ئێران بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە، بەڵام خۆپیشاندەران دروشمی " مەترسن مەترس هەموومان پێكەوەین" یان دووپاتكردووەتەوە  . 
لە لایەكی ترەوە دەزگای هەواڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی لە شاری خوراسانی باشوری ئێران لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، ژمارەیەك خۆپیشاندەریان بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندان لە شەقامەكان دەستگیر كردووە  . 
دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لەو هەرێمە لە كاتێكدایە، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەڕێگەی ئینتەرێتەوە كۆنگرەیەكی گەورەیان سازكردووە و داوای ڕوخانی دەسەڵاتی ئێران دەكەن  . 
لە لایەكی دیكەوە ماڵپەڕی "نیتبلوكس" كە چاودێری جموجوڵی ئینتەرنێت دەكات لە جیهاندا ئاماژە بەوە دەكات، گەیشتن بە تیۆڕی ئینتەرنێت لە ئەهواز قورسە و بۆ ماوەی 3 كاتژمێر كە هاوكات بووە لەگەڵ كاتی بەرپابوونی خۆپیشاندانەكان تێكچووە  . 
  
  
 
 
                            
                             
 |