کەشناسی هەرێم: پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

17/07/2020
فۆتۆ: 



بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ناوچەکانی هەرێم ڕوبەڕوی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتەوە و کەریگەرییەکانی لەمڕۆوە دەردەکەوێت .

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، بە تۆڕی ھەواڵی ژیانی ڕاگەیاند: "پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممە، بەرزدەبنەوە و بە تێکڕای ٢ پلە لە دۆخی ئاسایی خۆی ".

ڕاشیگەیاند: "پێشبینی دەکەین، پلەکانی گەرما لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دابن و لە ڕۆژانی داھاتوو زیاتر کاریگەری ھەبێت ".

سەبارەت بە پلەکانی گەرما لە سەنتەری شاری ھەولێر، فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، گوتی: "لە سەنتەری شاری ھەولێر، پلەکانی گەرما لە نێوان ٤٤ پلە بۆ ٤٥ پلە دا دەبن و پێشبینیش دەکەین؛ لە ڕۆژی چوارشەممەوە، تێکڕای پلەکانی گەرما بگەنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان ".

سەبارەت بە پارێزگاکانی دیکەی ھەرێم، ڕایگەیاند: "بە گشتیی ھەمان تێکڕای پلەکانی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھەستی پێدەکردێت و ڕێژەکان لە یەکەوە نزیک دەبن ".

لە وەرزی ھاویندا، تێکڕای پلەکانی گەرما لە دۆخی ئاسایی خۆیاندا، لەنێوان ٤١ پلە بۆ ٤٢ پلەی سەدی دا دەبن .

لە ماوەی ڕابردوو، ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕوبەڕووی شەپۆلێکی گەرما بوویەوە، کە لە خوارووی عێڕاقەوە بەرەوو ناوچەکە ھاتبوو .