ئەمڕۆ لێپرسراوانی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا کۆدەبنەوە

07/02/2024
فۆتۆ: 

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری تورکیا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیان لێکرا، ئەمڕۆ کۆدەبنەوە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری تورکیا شەوی رابردوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیان لێکراو بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.

بڕیارە یەکەم کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری تورکیا بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت و هەردوولا پرسە ئەمنییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

ڕۆژی سێشەممە یاشار گولەر وەزیری بەرگریی و جەنەڕاڵ مەتین گورەک سوپاسالاری تورکیا بەسەردانێک گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، سەرۆک کۆماریش داوایکرد ئەو پێشێلکارییە سەربازیانەی دەکرێنە سەر عێراق و هەرێم رابگیرێن، لە بەرمبەریشدا یەشار گولەر پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق نیشاندا.