پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و یاشار گولەر بوو

07/02/2024
فۆتۆ: 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا کۆبووەوە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان تاوتوێکردنی دۆخی هەرێم و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان بوو.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا کۆبووەوە و دۆخی ئەمنی عێراق و هەرێم و دوایین پێشهاتەکانیان تاوتوێکرد.

هەردوولاش جەختیان لە گرنگیی هاریکاریی هاوبەشی تورکیا لەگەڵ عێراق وهەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، هەروەها هاوڕابوون لەسەر پێویستی وهەوڵدانی هەمەلایەنە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی.

هەروەها برەودان بە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێم لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، دوایین پێشهاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەکە بوو.