بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت ھەموولایەک رێگری لەوە بکەن وڵات ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ دەرەکییەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد چاویکەوت بە سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە.
لە دیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا دروستدەکەن.
لەدرێژەی دیدارەکەدا چارەسەرکردنی دەستووریانەی کێشەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ناوەند جەختیلێکرایەوە، بەشێوەیەک ھەموو ھەوڵەکان لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی، پاراستنی مافی مووچەخۆران بێت و ژیانی خەڵک نەکرێتە قوربانیی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکیتری دیدارەکە بوو و لەوبارەیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ناوچەکە بە دۆخێکی ناھەمواردا تێدەپەڕێت، پێویستە ھەمووان ھەنگاوی سیاسیی دروست بنێن و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن. دەبێت ھەموولایەک رێگری لەوە بکەن وڵات ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ دەرەکییەکان، ئەمەش ئەو ئامانجە باڵایەیە کە ئێمە ھەوڵی بۆ دەدەین.
|