کۆمپانیای دانەغاز: ساڵی رابردوو داهاتی کۆمپانیاکەمان ٢٠٪ دابەزیووە

08/02/2024
فۆتۆ: 




کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، ساڵی رابردوو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٨٪ بەرزبووەتەوە، بە گشتیش داهاتی کۆمپانیاکە ٢٠٪ دابەزیووە.

کۆمپانیای دانەغاز راپۆرتی دارایی ساڵی ٢٠٢٣ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی رابردوو گەیشتووەتە ١٦٠ ملیۆن دۆلار، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆی گشتی داهاتەکەیان ١٨٢ ملیۆن دۆلار بووە و بەڕێژەی ٢٠٪ دابەزینی تۆمارکردووە. 

هۆکاری دابەزینی داهاتەکەشی بۆ دابەزینی نرخی فڕۆشتن دەگەڕێتەوە، بەڵام زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و کەمبوونەوەی خەرجی بەکاربردن بەشێک لەو کەمکردنەی بۆ پڕکردووەتەوە. 

وتیشی، تێکڕای بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا بەڕێژەی ٨٪ بەرزبووەتەوە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو، گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی و بەرهەمهێنانی غاز لە رۆژێکدا ٥٢٠ ملیۆن پێ سێجا بووە. 

ئەوەشخراوەتەڕوو، میکانیزمێکی نوێی پارەدان لە هەرێمی کوردستان خراوەتەکار، بۆ گرەنتی کردنی شایستە داراییەکان بە سیستمێکی رێکخراو، هەروەھا پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر بەرەوپێشچووە و شەش بیری نوێیان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە هەڵکەندووە.