نەجات حوسێن: پێشبینی دەکرێت دۆسیەی کەرکوک لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە یەکلا ببێتەوە
سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پێناچێت هیچکام لە لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەگەڵ کورد "تەنازول" بۆ یەکتری بکەن، ڕەنگە لەداهاتوودا دۆسیەی کەرکوک لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە یەکلایی بکرێتەوە.
نەجات حوسێن، کەسایەتی سیاسی تورکمانی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی ڕاگەیاند، عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەکات و لەگەڵ تورکمان پێکەوە ڕێککەوتنیان هەیە، کوردیش داوای هەمان پۆست دەکات.
دەشڵێت: کورد و برا کریستیانەکان خاوەنی 8 کورسی ئەنجومەنن و عەرەب و تورکمانیش بەهەمانشێوە 8 کورسییان هەیە، بۆیە هیچ لایەک تەنازول بۆ لاکەی تر ناکات، مەگەر جیابوونەوە لەنێو بەرەیەکیاندا ڕووبدات.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.
ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کوردو ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
نەجات حسێن باسی لەوەکرد، ڕەنگە عەرەب و تورکمان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەن نەکەن و دواتر مەسەلەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەکلایی بکرێتەوە، بەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە یاخود بڕیاری تر دەربکرێت.
|