نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەسرور بارزانی: خۆدزینەوە بەرامبەر ناحەزان هەڕەشەکان کەم ناکاتەوە

10/02/2024
فۆتۆ: 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە لەسەر قسەکانی مەسرور بارزانی دەدات و دەڵێت: خۆدزینەوە بەرامبەر ناحەزان هەڕەشەکان کەم ناکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە کە "هەندێک ماڵپەر و پەیجی ناوخۆی سۆشیال میدیا، بە بڵاوکردنەوەی هەندێک لێدوان و لێکدانەوەی نەگونجاو و دوور لە ڕاستییەکانی کایەی سیاسی و ئەمنیی دەڤەرەکە، هەوڵیان داوە بۆچوون و لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەل کەناڵی (NBC) بە لاڕێدا ببەن".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کە "سەرۆکی حکومەت پێداگریی لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردووە".

جەختیش لەوە دەکاتەوە کە "بەردەوامیش دەبین لە گرتنەبەری هەموو ڕێکارێک بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە سەر هەرێمی کوردستان".

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت روونیشیکردووەتەوە کە "خۆدزینەوە و خۆگێلکردن بەرامبەر بە ناحەزان، هیچ لە مەترسی و هەڕەشەکان کەم ناکاتەوە".

راشیگەیاندووە کە "بۆیە پێویستە هەموو لایەک لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن بەرامبەر بە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان".