ڕاگەیاندنی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان: پێویستە لە کاتێکی نزیکدا هەڵبژاردن بکرێت

11/02/2024
فۆتۆ: 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ بەئامادەبونی قوباد تاڵەبانی‌و مستەفا سەید قادر کۆبونەوەو لەڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا دەڵێن:"نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت‌و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە یەکێتی ‌و گۆڕان لەشاری سلێمانی کۆبونەوە، دوای کۆبونەوەکەشیان لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایانگەیاند، کۆبونەوەکەیان لە چوارچێوەی هەوڵەکان بووە بۆ یەکخستن‌و لێکنزیککردنەوەی بۆچون ‌و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەچۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی‌و ئابورییەکانی کوردستان‌و ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەو مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان.

ئەوەش هاتوە، "لەتەوەرێکی کۆبونەوەکەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کراوەو هەردولا هاوڕابون لەسەرئەوەی نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت‌و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت".

هەر لەڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەی یەکێتی‌و گۆڕاندا هاتوە، "لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا باس لەپرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کراو هەردولا هاوڕابون پێویستە هەمولایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بەپرسە سیاسییەکان نەکرێت‌و لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتنێکی ڕیشەیی‌و مافی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراوبێت".

لەکۆتاییشدا یەکێتی‌و گۆڕان جەختدەکەنەوە، "بڕیاردراوە هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ ئیدارەدانی باشترو بەشێوازێک کە خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بکرێت".