وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: گەورەترین کونسوڵخانەمان لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە

12/02/2024
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت: چاوەڕوانی مۆڵەتین بۆ ئەوەی لە ساڵی 2025 گەورەترین کونسوڵخانەمان لە شاری هەولێر بکەینەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەبەر چەند هۆکارێکی ئەمنی تەواوکردنی دروستکردنی کۆنسوڵخانەکەمان لە هەولێر دوادەکەوێت، کارکردن لە بەشێکی پڕۆژەکە وەستابوو، بەهۆی زیادبوونی هێرشی درۆنی و مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. 
 
ئەوەش هاتووە، لەسەر فەرمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کارکردن لە بەشێکی پڕۆژەکە لە 23 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەکو 4ـی شوباتی ئەمساڵ وەستا، نووسینگەی بەڕێوەبردنی باڵەخانەکانی دەرەوەی وڵات کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەیە، لە چاوەڕوانیی مۆڵەتی وەزارەتەکەدا بوو بۆ ئەوەی هێزی کار بگەڕێنێتەوە سەر پڕۆژەکە و کارکردن دەستپێبکرێتەوە، ئەمە وەک لە راپۆرتی پشکنەری گشتیدا هاتبوو. 
   
ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆمەڵگەکە لە ژمارەیەک باڵەخانە پێکدێت، لە هاوینی 2018ـەوە لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی، خۆجێیی و بیانی دەست بە دروستکردنی کراوە و دەبێتە گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر ئاستی جیهان کە رووبەرەکەی 200 هەزار مەتر دووجایە، واتە هێندەی 28 یاریگەی تۆپی پێیە، مەزەندە دەکرێت کۆنسوڵخانەکە 795 ملیۆن دۆلاری تێبچێت. 
 
هەروەها کۆمەڵگەکە دیپلۆماسییەکە ژمارەیەک باڵەخانە لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆنسوڵخانە، شوێنی حەوانەوەی هێزی مارێنز کە پاسەوانی لە کۆمەڵگەکە دەکەن، لەگەڵ چەند نووسینگەیەکی دیکە بەشێوەیەکی ژینگەدۆست بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی ئاو و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان دروستدەکرێت و، بڕیارە لە یەک کاتدا، ستافێکی 400 کەسی تێیدا کاربکات.