وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق

19/02/2024
فۆتۆ: 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕدەگەیەنێت: پەیوەندیەکانمان لەگەڵ عێراق لە باشیدایە و لە ئیستاشدا کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق رایگەیاند: پەیوەندی ئێران و عێراق لە باشترین بارودۆخی خۆیدایە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و هاوکاری ئەمنی و لە بەرەوپیشچوونی بەردەوامدایە.

وتیشی: کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی هەموو بەشەکانی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق، بۆ رێگریکردن لە گروپە چەکدارەکان تا نەبنە مەترسی لەسەر ئاسایشی سنورەکان.

لەبارەی پرسی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، کەنعانی دەڵێت بوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق یارمەتیدەر نابێت بۆ سەقامگیربوونی ئاسایش و دەبێت حکومەت و گەلی عێراق بڕیار لەسەر هێزە بیانییەکان بدەن.

باسی لەوەشکرد، پشتیوانی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان و هیزە عێراقییەکان توانای پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان هەیە.