تەندروستى سلێمانى: لەرووى کۆرۆناوە دۆخى سلێمانى لە قۆناغی مەترسی دەرچوو

18/07/2020
فۆتۆ: 

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی نوێترین زانیارى لەبارەى دۆخى شارەکە لەرووى کۆرۆنا و ژمارەى تووشبوان و سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکە ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت، دۆخی شاری سلێمانی بەبەراورد لەگەڵ دووهەفتە لەمەوبەر لە قۆناغێکی جێگرتردایە لە قۆناغی مەترسی دەرچووە.

عەبدوڵا سەنگاوی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، دوو هەفتە لەمەوبەر ریژەى تووشبووان لە هەڵکشاندابوو، ئەوانەى سەردانى نەخۆشخانەکانى کۆرۆنایان دەکرد بەشێکى زۆریان هەڵگرى ڤایرۆسەکە بوون.

 وتیشى، لە ئێستادا دۆخی شاری سلێمانی بەبەراورد لەگەڵ دووهەفتە پێش ترد لە قۆناغێکی جێگرتردایە و لە قۆناغی مەترسی دەرچووە، چونکە پێشتر لە رۆژێکدا 150 بۆ 160 حاڵەتى نوێى تووشبوون بە کۆرۆنا تۆماردەکران، بەڵام خۆشبەختانە ئیستا لە 60 بۆ 70 کەمیکردووە.

 ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر هاوڵاتیان بەشێوەى ئێستا پابەندى رێنماییەکان بن، هیچ حاڵەتیکى نەخوازراوو روونەدات، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵى تەواوەتیدا دەبێت و دەتوانرێت سەرجەم خزمەتگوزاریەکان بەشێوەیەکى باش پێشکەش بە تووشبووان بکەن.

لە بارەى ژمارەى ئەو  تووشبووانەش کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانى تایبەت بەکۆرۆنان لە سلێمانى وتى، لەئێتادا نزیکەى 150 بۆ 160 تووشبوو لەنەخۆشخانەکان بوونیان هەیە، بەڵام هیچ یەک لەو نەخۆشانە پێویستیان بە ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد نیە، بەڵام ژمارەیەکیان لەژیر ئۆکسجیندان.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی باسى لەوەشکرد، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان پابەندن بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە، دوای ئەوەی بینیان کەسانێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و گیان لەدەستدەدەن، لە کاتێکدا پێشتر بەشێکی زۆر لە خەڵک باوەڕیان بە بوونی ڤایرۆسەکە نەبوو.

 دارشتنەوە: شادان حەسەن