ئەمڕۆ پرسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم تاوتوێ دەکرێت

21/02/2024
فۆتۆ: 

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم تاوتوێ دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە ٢٤ـی٩ـی ٢٠٢٣، تایبەت بە راگرتنی کارکردن بە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٩، تایبەت بە هەمواری یاسای پارێزگاکان، ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٩، لەلایەن وەزیری ناوخۆوە دەخرێتەڕوو و گفتوگۆ دەکرێت.

هەروەها لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێکخستنەوەی رسومات و کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی (ئەیلول/٩)ی ساڵی ٢٠١٣ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، لە (ئەیلول/٩)ی ساڵی ٢٠١٧ کارەکانیان کۆتاییهات و لە ساڵی ٢٠١٨ تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم درێژکرایەوە.