زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس لە ئێران دەنگیانداوە
تا کاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردوو ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە ٤١% واتە ٢٥ ملیۆن کەس دەنگیان داوە و لەبازنە جیاوازەکانی هەڵبژاردنیش ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدان بڵاودەکرێنەوە.
میدیای فەرمیی ئێران ئاشکرایکردوە، هەڵبژاردن بۆ خولی ١٢ی پەرلەمانی ئێران زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوە، دەنگیانداوە؛ کە دەکاتە نزیکەی ٤١%ی دەنگدەرانو لەهەندێک لەبازنەکانی هەڵبژاردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ناوەندەکانی هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی دەنگدانیان بڵاوکردوەتەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی هەڵبژاردنی پارێزگای ئیلام، لەکۆی ٤٧١ هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوە، ٢٥٩هەزارو ٨٥٨ کەس دەنگیانداوە، واتە ڕێژەکە ٥٥% بوە.
پارێزگای ئیلام لەدوو بازنەی هەڵبژاردن پێکدێتو سێ نوێنەری لەپەرلەمانی ئێران هەیە؛ لەبازنەی باشوری پارێزگاکە ئەسەدوڵڵا چراغیو لەبازنەی باکوریش فەرەیدون هیمەتیو سارا فەلاحی دەنگیانهێناوە، پارێزگای کرماشانیش لەشەش بازنەی هەڵبژاردن پێکدێتو هەشت نوێنەری لەپەرلەمانی ئێران هەیە؛ ئەنجامی بەرایی دەنگدانی هەندێک لەبازنەکانی هەڵبژاردنیش ڕاگەیەندراوە، ڕەستگار یوسفی لەبازنەی هەورامانو جوانڕۆ، موجتەبا بەخشی پور لەبازنەی شابادو داڵاهو، فەتحوڵڵا حوسێنی لەبازنەی قەسری شیرین، گیەڵانو سەرپێڵ، وەحید ئەحمەدی لەبازنەی کەنگاوەرو هەرسین، جەواد حوسێنی کیا لەبازنەی سونقورو کولیایی دەنگیان بۆ بون بەپەرلەمانتاری ئێران ھێناوە.
لەبازنەی سەقزو بانەی پارێزگای سنەش موحسین بیگلەری دەنگی هێناوە، سنە لە پێنج بازنەی هەڵبژاردن پێکدێتو شەش نوێنەری لەپەرلەمانی ئێران هھەیە.
ئەوەی کە پەیوەندی بەورمێوە هەیە، ئەو پارێزگایە لە ١٠ بازنەی هەڵبژاردن پێکدێتو ١٢ نوێنەری لەپەرلەمانی ئێران هەیە، قەسیم عوسمانی لەبازنەی هەڵبژاردنی بۆکان، عەبدولکەریم حوسێن زادە لەبازنەی هەڵبژاردنی شنۆو نەغەدە، کەمال حوسێن پور لەبازنەی هەڵبژاردنی پیرانشارو سەردەشتو سەلام ستودەش لەمهاباد دەنگیانهێناوە.
پارێزگای لوڕستانیش حەوت بازنەی هەڵبژاردنەو نۆ نوێنەری هەیە، ئیحسان یاوەری سەرۆکی ناوەندی هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایە دەڵێت، ڕێژەی بەشداریی بەرزبوەوە، بەڵام وردەکاریی لەبارەی بەربژێرە دەرچوەکان دیارنییە.
|