سبەینێ سودانی لەگەڵ لایەنەکان بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک کۆدەبێتەوە

02/03/2024
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی هات کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانەوەی کەرکوک بێ پۆستی پارێزگار دیاریکرابوو، سبەینێش سودانی و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک کۆدەبنەوە بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ شارەکە.

٢١ی شوبات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە، کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و رێبەر ئەحمەد، لە پشکی پارتی بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا لایەنەکان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکوک کە سەرجەم هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لەخۆبگرێت و ببێتە چەتری سیاسیی و کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانییەتەش بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت تاوەکو ئیستحقاقە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی جێبەجێ دەکرێت.

هەروەک لایەنەکان رێککەوتن لەسەر پێشکەشکردنی کارنامەی لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا، کە تێیدا دیدگای خۆیان لەبارەی بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ پارێزگاکە لەخۆبگرێت لەگەڵ میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە سودانی جارێکی تر لە بەغدا لەگەڵ لایەن و پێکھاتەکانی کەرکوک کۆببێتەوە و پێدەچێت لایەنەکان بەشێوەیەکی فەرمیی بەرنامەی خۆیان بۆ ئیدارەدانی شارەکە بخەنەڕوو و گفتوگۆ و تاوتووێی بکەن.