بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەغدایەو کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئەنجامدەدرێت
بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لایەنە براوەکانی کەرکوک جارێکی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە لە بەغدا کۆدەبنەوە.
ئەحمەد فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ ٣سەرکردەی لایەنە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبەغدا بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆببنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی ئامادە دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت لەکۆبونەوەکەدا کارنامەی لایەنە براوەکان بخرێتەڕوو بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بدرێت و هەیکەلێک بۆ ئیدارەی کەرکوک دابنرێت.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە کۆبوونەوەی رابردووی لایەنە براوەکان کە لە ٢١ی شوبات ئەنجامدرا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ولایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەغدا بەشدارییان تێداکرد بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و دیاریکردنی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک.
|