د. بریار رەشید بۆ ژیان: دوای کردنەوەی هەژماری بانکی دەبێت هەوڵی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بدرێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوادەکات پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە
بڕیار رەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆری هەواڵی ژیانی راگەیاند: دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پێویستە وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و هەردوو حکومەت رێکبکەون لەسەر میکانزمی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ موچەخۆران و ئامادەکردنی هەژمارەکە لەماوەی یەک مانگدا.
ئاماژەی بەوەشدا: لەهەموو حاڵەتەکاندا بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەوەیە کە نابێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم دوابکەوێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسی لەوەشکرد: ئەگەر بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار لقی بانکە فیدراڵییەکان لە هەرێم نەکرانەوە، پێویستە هەردوو حکومەت لەسەر میکانزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی رێکبکەون.
وتیشی: سەرەتا پێویستە هەژماری بانکی بۆ موچەخۆران بکرێتەوەو پاشانیش هەوڵی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بدرێت، دەبوو حکومەتی هەرێمی کورستان زۆر زووتر پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی دەستپێبکردایەتەوە.
|