ئاوات محەمەد: سلێمانی خاوەنی هەزاران سەروەری و داستانی پڕ شکۆیە

07/03/2024
فۆتۆ: 

لە ساڵیادی راپەڕینی شاری سلێمانی قایمقامی سلێمانی رایگەیاند: سلێمانی خاوەنی هەزاران سەروەری و داستانی پڕ شکۆیە و هەمیشە خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک دەزانین.

لە ٣٣مین ساڵیادی شاری سلێمانی ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی دەڵێت: لەرۆژی ئازادکردنی سلێمانیدا کە لوتکەی تێکشکاندنی دەسەڵاتێکی دڕندەی خۆسەپێنی دژ بە بەها مرۆیی و نەتەوەییەکان بوو، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم.

باسی لەوەشکردووە، لە مێژووی خۆیدا سلێمانی خاوەنی هەزاران سەروەری و داستانی گەورەی پڕ شکۆیە، یەکێک لە شانازییە گەورەکانی ئەم شارەش راپەڕینە مەزنەکەیە، کە بۆ نەوەی رابردوو ئێستا و داهاتووش مێژوویەکی  پڕ لەسەروەری و شانازییە.

‏‎دەشڵێت: راپەڕین بەری رەنج و تێکۆشان و یەکگرتووی میلەتەکەمان بوو بەرامبەر بە دڕندەی و خوێن رێژی رژێمی لە ناوچووی بەعس و سەرەنجام کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە، هەر بۆیە بە هەمان گیان و گڕوتینەوە لە سەنگەری بەرگریکردن و خزمەتکردنی گەل و نیشتیمانەکەمان بەردەوام دەبین.

‏‎قایمقامی سلێمانی ئەوەشی وتووە: لەم یادە پڕ شکۆیەدا  بەپێویستی دەزانم دوپاتی بکەینەوە  وەک هەمیشە خۆمان بەخزمەتکاری ئەم شارەو خەڵکە خۆشەویستەکەی دەزانین و بە پشتیوانی خوای گەورە هەمووان پێکەوە سلێمانی بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر و ئاوەدانتر دەبەین.