د.ئەحمەد کەرکوکی: بڕیارەکەی ڕاکان جبوری سەبارەت بە ئاوارەکانی کەرکوک ڕەتدەکرێتەوە

11/03/2024
فۆتۆ: 

دوای ئەوەی پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند: ئیتر ئاوارەکانی ناو سەنتەری شارو دەوروبەری کەرکوک بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە هەژماردەکرێن، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت: ئەو بڕیارە ڕەتدەکرێتەوە.

د.ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەفراکسیۆنی یەکێتی لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، نوسراوەکەی ڕاکان جبوری پارێزگاری بەوەکالەت کە فەرمانی بەدامەزراوەکان کردوە سەرجەم ئاوارەکان وەک خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک بناسێنرێن‌و چیتر ناوی کۆچبەریان لێنەنرێ پوچەڵدەکرێتەوە.

وتیشی: بەگوێرەی دواین ئامار، ٩٢ هەزارو ٦٤٠ ئاوارەی خواروی عێراق لەکەرکوک هەیەو بۆ ئەو مەبەستەش پەوەندییان بەوەزیری کۆچ‌و کۆچبەرانی عێراقەوە کردوەو بڕیاریشە بەزوترینکات نوسراوی پوچەڵکردنەوەی نوسراوەکەی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت بڵاوبکرێتەوە.

بەگوێرەی نوسراوەکەی ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، لەئێستا بەدواوە ئاوارەکانی ناو سەنتەری شارو قەزاو ناحیەو گوندەکانی دەوروبەر، وەک خەڵکی ڕەسەنی کەرکوک هەژماردەکرێن، چونکە هەموو بەڵگەنامەیەکی ڕەسمییان لەفەرمانگە ڕەسمییەکانی کەرکوک بۆ دەرکراوەو لەئێستا بەدواوە وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.