موحسین مەندەلاوی: گومانکردن لە شەرعیەت و سەربەخۆیی دادگای فیدراڵی کارێکی مەترسیدارە
سەرۆکی کاتی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: پێویستە هەموومان پاڵپشتی لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکەین و گومانکردن لە سەربەخۆیی ئەو دادگایە کارێکی مەترسیدارە.
موحسین مەندەلاوی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا وتی: ئەنجومەنی نوێنەران پشتیوانی دادگای فیدراڵی دەکات لە رۆڵی بۆ پاراستنی یەکێتی عێراق، پاراستنی دەستور، پاراستنی سیستمی دیموکراتی و چەسپاندنی دادپەروەری و چەسپاندنی سەروەری یاسا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵەکانی بە ئامانجگرتنی دادگای فیدڕاڵی و گومانکردن لە شەرعیەت و سەربەخۆیی دادگا و بێگەردی بڕیارەکانی، مەترسیدارە و هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێویستە پاڵپشتی هەوڵەکانی دادگای فیدڕاڵی بکرێت بۆ بەجێگەیاندنی دۆسیە نیشتمانییەکان و پاراستنی دەستور و ماڵی گشتی.
|