واشنتۆن و تاران لەسەر هێورکردنەوەی ئاڵۆزیەکان لە دەریای سورو کەنداوی عەدەن لێکگەیشتیان کردووە
رۆژنامەی (الجریدە)ی کوەیتی: سەرچاوەیەکی ئاگاداری لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشکرایکردووە: واشنتۆن و تاران بە نێوەندیگری وڵاتێکی کەنداو, گەیشتوونەتە لێکگەیشتن, لەبارەی هێورکردنەوەی دۆخەکە لە دەریای سورو کەنداوی عەدەن, بۆ زامنکردنی کەشێکی گونجاو, بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەزە, لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەبارەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمەتەکان لەنێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە دەوحە.
جموجۆڵە دیپلۆماسیەکان چڕکراوەنەتەوە لەڕێی گەشتی ئەنتۆنی بلینکن, وەزیری دەرەوەی ئەمریکا, بۆ هەریەک لە سعودیەو میسرو سەردانی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ واشنتۆن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران, لەڕێی نێوەندگیرەکەی کەنداوەوە, پەیامی ئەمریکای پێگەیشتووەو تیایدا داوا لە تاران دەکات, قەناعەت بە حوسیەکان بکەن هێرشەکانیان لە دەریای سور رابگرن, لەبەرامبەر راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکاو بەریتانیا, بۆ سەر بۆ سەر پێگەکانی ئەو گروپە لە یەمەن.
تاران پەیوەندی بەحوسیەکانەوە کردووە, ئەو گروپەش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ قبوڵکردنی پێشنیازەکانی ئەمریکا, لەگەڵ دەستگرتن بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کەشتیە ئیسرائیلیەکان و ئەو کەشتیانەی بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن, تا راگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی لە غەززەو, کۆتایهێنان بە گەمارۆی سەر فەلەستینیەکان.
ئێرانیەکان لەڕێی نێوەندگیرەکەی کەنداوەوە, بە ئەمریکایان راگەیاندووە, حوسیەکان پێشنیازەکەیان قبوڵکردووەو, بڕیار دراوە, دەستبەجێ لێگەیشتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
|