وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا پرسی بودجەی هەرێمیان تاوتوێ کرد
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە و پرسی بودجەی هەرێم و چەند پرسێکی تریان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتۆن چاویکەوت بە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا تاوتوێکردووە.
ھەروەھا، لە کۆبوونەوەکەدا، رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ھەردوو وڵات و ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق و دۆخی سوریا خراوەتە بەرباس و جەختیشکراوەتەوە لە بەردەوامی کاری لیژنەی باڵای سەربازیی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان و بەرەوپێشبردنی زیاتری ھێزە عێراقییەکان.
ھاوکات، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەمریکا، گفتوگۆیانکرد لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە یاسای بودجە و جەختیانکردەوە لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئاماژە بەگرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال کرایەوە.
|