بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەكێتیی لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال هەنگاو دەنێت
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكەی روونكردەوە و بەردەوامیی گفتوگۆكانیشی لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال هەنگاو دەنێت و هەمان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكات كە خۆی لە چارەسەری ئاشتییانە و پاراستنی سەروەریی خاكی وڵاتان دەبینێتەوە.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا دۆخی ئابووری و ئەمنیی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و هەردوولا جەختیان لە فراوانكردنی هەماهەنگییەكان و هاریكارییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە بەشێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بكات.
|