باسم عەوادی: ساڵی داهاتوو نرخی بەنزینی موحەسن کەم دەکرێتەوە

29/03/2024
فۆتۆ: 

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، دەتوانرێت ساڵی داهاتوودا پێداچوونەوە بە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بکرێت و ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەیەوێت رێگری لە بڕیاری گرانکردنی نرخەکەی بکات.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، دەوڵەت هەر لیترێک نرخی بەنزینی موحەسەن بە ١٧٠٠ دینار دەکڕێت و بە ٦٥٠ دینار بە هاووڵاتیانی دەفرۆشێتەوە ئەوەش بارگرانی بۆ حکومەت دروست دەکات.

راشیگەیاند، کورتهێنانی بودجەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٦٠ ترلیۆن دینار بووە و چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەمساڵیش زیاتر بێت بۆیە بڕیاردراوە کە هاوردەکردنی بەنزین لەدەرەوە کەمبکرێتەوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو پاڵاوتگەی بەسرە دەکەوێتە کار و بەرهەمهێنانی بەنزینی موحەسەن زیاتر دەبێت لەوکاتەدا دەتوانرێت نرخی بەنزین گۆڕانکاری تێدا بکرێت. 

چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق بڕیاریدا نرخی بەنزینی موحەسەن لە مانگی ئایارەوە لە ٦٥٠ دینارەوە بۆ ٨٥٠ دینار بەرزبکاتەوە.