وەزارەتی دارایی: کارمەندانی ئەو بانکانەی مووچە دابەش دەکەن پشووی سبەینێ نایانگرێتەوە

31/03/2024
فۆتۆ: 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، بەهۆی دابەشکردنی مووچەوە کارمەندانی ئەو بانکانەی مووچە دابەش دەکەن پشووی سبەینێ نایانگرێتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم راگەیاند: سبەینێ دووشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٤، کە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم پشووی فەرمییە، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەپێی ئەو خشتەیەی کە راگەیەندراوە بەردەوام دەبێت و ئەو بانکانەی مووچە دابەشدەکەن کراوەدەبن.

بە گوێرەی خشتەی دابەشکردنی مووچە، کەپێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە: سبەی دووشەممە ١ـی نیسانی ٢٠٢٤، مووچەی وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی، سامانەسروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رۆشنبیریی و لاوان دابەشدەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی دووشەممە ١ـی نیسانی ٢٠٢٤، بە بۆنەی سەری ساڵی ئاشوورییەکان، لە سەرجەم دامودەزگاکان پشووی فەرمییە.