فەرهاد ئەسعەد: بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن مانای وایە هەڵبژاردن ناکرێت

31/03/2024
فۆتۆ: 

بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات و بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مانای وایە هەڵبژاردن ناکرێت.

فەرهاد ئەسعەد بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند: تا ئەم ساتە نەوەی  نوێ، بەرەی گەل، یەکێتی نیشتمانی، گۆڕان، بزوتنەوەی ئیسلامی، پەیوەندی ئیسلامی لیستی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا پارتی هیچ لیستێکی پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردوە و لای هەموان ئاشکرایە کە پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردوە و نیازی ئەوەی نییە کە بەشداری لە پرۆسەکە بکات.

لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان دەڵێت: لەوانەیە وادەی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند رۆژێک درێژبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ راسپاردەیەکی لەو شێوەیەیان ئاراستە نەکراوە.

سەبارەت بەوەی بەبێ بەشداری پارتی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت وتی: پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات و بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مانای وایە هەڵبژاردن ناکرێت.