کۆمیسیۆن: بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن دەبێت سەرۆکایەتی ھەرێم مەرسومی سەرۆکایەتی دەربکات

01/04/2024
فۆتۆ: 

کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: رێوشوێنەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن دەبێت سەرۆکایەتی ھەرێم مەرسومی سەرۆکایەتی دەربکات.

سەعات ١٢ ی شەوی رابردوو، دوای دووجار درێژکردنەوە، وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ھات.

ھەریەکە لە یەکێتی، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکە پێش کۆتایی ھاتنی وادەکە لیستی کاندیدەکانیان رادەستی کۆمسیۆن کرد، بەڵام پارتی لیستی کاندیدەکانی پێشکەشنەکرد.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رێوشوێنەکانیان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەردەوام دەبن.

وتیشی، بۆ ئەگەری پرسی دواخستنی ھەڵبژاردن دەبێت سەرۆکایەتی ھەرێم لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان رازی بکات و مەرسومی سەرۆکایەتی لەو بارەیەوە دەربکات.